15/09/2026
دەزگای روانگە وەک هاوبەشی ستراتیژیی ٥ ساڵی داهاتووی رێکخراوی منداڵپارێزی جیهانی و کوردستان دەستنیشان كرا
لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حکومی، نوێنەرانی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ژمارەیەکی بەرچاو لە لاوانی چالاک، ستراتیژیی لاوانی رێکخراوی منداڵپارێزی جیهانی لە عێراق (٢٠٢٧-٢٠٣٢) و رێبەری داکۆکیکردن لە بوودجەی لاوان و لێپرسینەوەی گشتی بە فەرمی راگەیەندرا.
لە چوارچێوەی ئەم بەرنامە ستراتیژییەدا، دەزگای روانگە لەگەڵ هاوبەشانی بۆ ماوەی پێنج ساڵی داهاتوو دەبێتە هاوبەشی سەرەکی بۆ جێبەجێکردنی چالاکییەکان و رێبەرایەتیکردنی کەرتی داکۆکیکردن و داهێنانی لاوان. ئامانجی بنەڕەتیی ئەم هاوبەشییە بەشداریی راستەقینەی لاوانە لە پڕۆسەی بڕیاردانی دارایی، داڕشتنەوەی سیاسەتە گشتییەکان.
لە میانەی وتاری دەزگای روانگەدا، جەخت لەسەر دیدگای سەرۆک و دامەزرێنەری دەزگا، بەڕێز (ادریس نێچیرڤان بارزانی) کرایەوە سەبارەت بە مامەڵەکردن لەگەڵ لاوان وەک (سەرمایەیەکی نیشتمانیی هەمیشەیی) کە پێویستی بە وەبەرهێنان، پاراستن و بەگەڕخستنی تواناکان هەیە.
هەولێر
٢٠٢٦/٩/١٥