26/08/2017
چیرۆکی عەلی شەمعێ...
٦٦ ساڵ شۆفێری بێ رووداوێکی ھاتوچۆ
عەلی حوسێن تۆفیق ناسراو بە(علی شەمعێ)، شۆفێرێکی تەمەن ٨٤ ساڵی ھەڵەبجەیە و یەکێکە لە بەتەمەنترین شۆفێرەکانی ناوچەکە، کە تەمەنێکی زۆری لە شۆفێریدا بەسەر بردووە.
لەبارەی سەرەتاکانی فێربوونی شۆفێریکردنییەوە، دەڵێ: "گەنج بووم، نزیکەی ٦ مانگ شاگردی تراکتۆری ماڵی (حامی بەگ)ی ھەڵەبجە بووم، ئیتر لەو ڕێگەیەوە وردە وردە فێری شۆفێری بووم و بەردەوام بووم لە شۆفێری کردن ھەتا ئیستا".
وەک ئاماژەی پێدەدات، لە ساڵی (١٩٥١) لە سلێمانی مۆڵەتی گشتیی شۆفێری وەرگرتووە و ھەر لەو ساڵەدا لە سلێمانی پاسێکی کڕیووە و ھێناویەتیھیەوە بۆ ھەڵەبجە، کە ئەوکات لە ناو ھەڵەبجەدا تەنھا دوو ئۆتۆمبێل ھەبوون.
دەشڵێت: "ئەو کاتەی، کە من مۆڵەتی شۆفێریم وەرگرت، لە سلێمانی ئۆتۆمبێل زۆرکەم بوو، ئەوکات تەنھا (١١) پۆلیسی ھاتوچۆیشی تێدابوو، لەکاتی دەرھێنانی مۆڵەتی شۆفێری پشکنینی چاو نەدەکرا، بۆیە بە ئاسانی دەمتوانی مۆڵەتی شۆفێریکردنەکەم نوێ بکەمەوە".
شۆفێرە بەتەمەنەکە، بەدەم جوڵاندنی گۆچانەکەی دەستییەوە قسەی دەکرد و دەیوت: "لە سەرەتاکانی فێربوونی شۆفێرییەوە ھەتا ئیستا (١١) جۆر ئۆتۆمبێلم بەکارھێناوە، بەڵام لەو کاتەوە ھەتا ئێستا، کە نزیکەی (٦٦) ساڵ دەکات، جگە لە یەک جار کە پشیلەیەک بوو بە ژێر ئۆتۆمبێلەکەمەوە، تووشی ھیچ ڕووداوێکی ھاتوچۆ نەبووم، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئارامگرتن و زیرەکی خۆم لەکاتی شۆفێریکردندا".
بەوتەی ئەو شۆفێرە، ھەرکاتێک ئۆتۆمبێلەکانی تێکچووبێت، خۆی چاکیانی کردووەتەوە، چونکە شارەزایی لەبواری کاری میکانیکی ئۆتۆمبێلدا پەیدا کردووە و بە پیویستیشی دەزانێت ھەموو شوفێرێک شارەزایی لەو بوارەدا ھەبێت.
وتیشی:"ئەو ڕووداوی ھاتوچۆوانەی کە ئێستا ڕوو دەدەن، زۆرێکیان دەگەرێنەوە بۆ نەزانین و تیژڕەویی، بۆیە پێویستە شۆفێر لەکاتی شۆفێریکردنیدا وریابێت و ھێمن بن، چونکە لێخوڕینی ئۆتۆمبێل ھێمنی دەوێت".
س: باسنیوز